په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان ... دیاری نه‌کراو

په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان |
به بۆنه‌ی شه‌ست‌و سێیه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی حیزبه‌وه که له‌لایه‌ن کاک حه‌سه‌ن قادرزاده‌وه پێشکێش کرا
هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌كان! خه‌ڵكی خه‌باتگێڕ و خۆڕاگری كوردستان! كادر‌و پێشمه‌رگه تێكۆشه‌ره‌كان، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی دڵسۆزی حیزب!
25ی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ 63 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ، ئه‌م حیزبه له كۆتایی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و له ساڵی 1324ی هه‌تاوی (1945ی زایینی) له سه‌رده‌مێك‌دا پێی نایه گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی كه هێشتا دووكه‌ڵی باڕووت و بۆنی خوێنی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی نه‌ڕه‌ویبۆوه و دونیا تازه له‌و شه‌ڕه گه‌وره و ماڵوێرانكه‌ره رزگاری ببوو. له ده‌سپێكی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی‌دا، ئێران له لایه‌ن سێ‌هێزی ده‌ره‌كی واته ئه‌مریكا، بریتانیا و یه‌كیه‌تیی شووڕه‌وی‌یه‌وه داگیركرا و هێزه‌كانی ئێران ته‌سلیم بوون، ئه‌مه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه له به‌شێكی كوردستان‌دا بۆشایی ده‌سه‌ڵات دروست ببێ. رۆڵه وشیار و ئازادیخوازه‌كانی كورد له‌و ده‌رفه‌ته كه‌ڵكیان وه‌رگرت و له‌سه‌ر بناخه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ژ ـ كاف حیزبی دیموكراتی كوردستانیان وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك به هه‌ل و مه‌رجی ئاڵۆزی ئه‌و كات دامه‌زراند و كه‌سایه‌تیی رووناكبیر و دیار و ناسراوی شاری مه‌هاباد قازی محه‌ممه‌د به پێشه‌وای حیزب هه‌ڵبژێردرا. دامه‌زرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان نوخته گۆڕانێكی گرینگ و مێژوویی له‌و سه‌رده‌م‌دا بووه چونكه یه‌كه‌م حیزبی كوردیی مۆدێرن بوو كه بۆ رێبه‌ری كردنی خه‌باتی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان‌دا پێك ده‌هات. حیزبی دیموكراتی كوردستان زۆر زوو بوو به جێگای متمانه و بڕوای خه‌ڵك و پشتیوانیی زۆری ئه‌وانی بۆ لای خۆی راكێشا، زۆری نه‌خایاند كه حه‌وزه‌ی فه‌عالییه‌ت و تێكۆشانی حیزب له ناوچه‌ی مه‌هاباده‌وه بۆ زۆر شار و ناوچه‌ی دیكه په‌ل و پۆی هاویشت و گه‌شه‌ی كرد. له‌و كاته‌دا ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌وپه‌ڕی لاوازی‌دا بوو، له ماوه‌یه‌كی كورت‌دا ئاسه‌وارێك له بنكه و دامه‌زراوه‌كانی ریژیم نه‌ما، كه‌ش و هه‌وای سیاسی و ئازادی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشا، خه‌ڵك هه‌ستی به سه‌ربه‌ستی ده‌كرد، سه‌رئه‌نجام رۆژی 2ی رێبه‌ندانی ساڵی 1324ی هه‌تاوی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رین و جه‌ماوه‌ری‌دا كه نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌و به‌شه و له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان تێیدا به‌شدار بوون، حیزبی دیموكراتی كوردستان به رێبه‌رایه‌تیی پێشه‌وا قازی محمه‌ممه‌د كۆماری كوردستانی راگه‌یاند و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێشه‌وا به سه‌ركۆماریی كوردستان هه‌ڵبژێرا. له‌و كاته‌وه تا ئێستا حیزبی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حیزبێكی خه‌باتگێڕ و پێشكه‌وتنخواز و به‌رپرس له ئاست پرسی نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ی، له هیچ فیداكاری و گیانبازییه‌ك دریغی نه‌كردوه و له هه‌ر دوو قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریی پاشایه‌تی و كۆماری ئیسلامی‌دا له دژی زۆرداری و مڵهوڕی و له پێناوی ئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان‌دا خه‌باتی كردوه و به‌ره‌وپێش چووه و له‌م رێگایه‌دا تووشی زۆر هه‌وراز و نشێو بووه و رووبه‌ڕووی زۆر كاره‌سات بۆته‌وه، حیزبی دیموكرات له تێكشكانه‌كان‌دا نا‌ئومێد و له سه‌ركه‌وتنه‌كان‌دا له خۆ بایی نه‌بووه. له‌و رێبازه‌دا هه‌زاران كه‌س له باشترین رۆڵه‌كانی گیانیان به‌خت كردوه، كه له ریزی پێشه‌وه‌یان‌دا رێبه‌رانی شه‌هید پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، دوكتور قاسملوو و دوكتور شه‌ڕه‌فكه‌ندی دیارن. كۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنییه‌وه، به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان و مافه ره‌واكانی هه‌ڵوێستێكی دوژمنانه و شه‌ڕخوازانه‌ی گرتۆته‌به‌ر، داخوازه‌كانی خه‌ڵكی به هێرشی نیزامی و شه‌ڕ و كوشتار وه‌ڵام داوه‌ته‌وه، 29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رۆژی 28ی گه‌لاوێژی ساڵی 1358ی هه‌تاوی‌دا، خومه‌ینی رێبه‌ر و بنیاتنه‌ری كۆماری ئیسلامی فتوای جیهادی له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان راگه‌یاند، كوشتن و تاڵانی خه‌ڵك و وێران كردنی كوردستانی بۆ به‌كرێگیراوه‌كانی حه‌ڵاڵ كرد. ئه‌مه بوو به سه‌ره‌تای شه‌ڕێكی نه‌خوازراو و داسه‌پاو به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان‌دا. هێزه دژی گه‌لی و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی زۆر دڕندانه و نامرۆڤانه به‌ربوونه گیان و ماڵی خه‌ڵك و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له هه‌موو ئیمكاناتی شه‌ڕ له رێگای هه‌وا و زه‌وی‌یه‌وه هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان، له درێژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه داسه‌پاوه‌دا هه‌زاران كه‌س له ژن و منداڵ و پیر و گه‌نج بوونه قوربانیی سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌ی كۆماری ئیسلامی، كوردستان به ته‌واوی میلیتاریزه كرا و له بواری ئابووری‌دا گه‌مارۆ درا، گرتن و ئازاری ئازادیخوازان، ئێعدامی به كۆمه‌ڵی لاوان ده‌ستی پێكرد. ئه‌م شه‌ڕه ئێستاش له شێوازی جۆراوجۆردا هه‌ر به‌رده‌وامه. به‌شدارانی به‌ڕێز! رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به قۆناغێكی زۆر ئاڵۆز و ئاسته‌م‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ. كۆمه‌ڵێك كێشه و پرسی گرینگ به چاره‌سه‌ر نه‌كراوی ماونه‌وه، سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی ئه‌م شه‌ڕ و ململانێ‌یانه بریتی‌یه له، نه‌بوونی دیموكراسی و ئازادی، چاره‌سه‌ر نه‌بوونی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، له‌به‌رچاو نه‌گرتنی مافی مرۆڤ ، زوڵم و زۆر ده‌رحه‌ق به ژنان، بوونی جیاوازیی جینسی و ره‌گه‌زی، هه‌ژاری و كه‌م داهاتی به‌جۆرێك كه به‌شێكی زۆری دانیشتوانی ئه‌م ناوچه‌یه له ژێر خه‌تی فه‌قردا ده‌ژین و ته‌نانه‌ت ئێستاش خه‌ڵك له برسان ده‌مرن. ئه‌م ناوچه‌یه كه به سامانێكی زۆری ژێر زه‌وی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام دابه‌شكردنی نادادپه‌روه‌رانه‌ی داهاتی ئه‌و سامانه گشتی‌یه بۆته هۆی مه‌ودایه‌كی زۆر له نێوان فه‌قیری و ده‌وڵه‌مه‌ندی‌دا. تێكۆشانی رێكخراو و گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان كه زۆربه‌یان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی‌یه‌وه هاوكاری و پشتیوانیی ماڵی و نیزامی ده‌كرێن، سه‌رچاوه‌ی كێشه و دووبه‌ره‌كیی مه‌زهه‌بی و په‌ره‌پێدانی تیرۆر و ئاژاوه‌ن، كۆماری ئیسلامی نه‌خشی سه‌ره‌كیی له رێبه‌ری كردنی تیرۆر و توندوتیژی و ده‌ست تێوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌مانه‌ش بوونه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامیی ناوچه‌كه. هه‌وڵ و ته‌قه‌لای كۆماری ئیسلامی بۆ وه‌ده‌ست هێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی و هه‌روا پێداگری له‌سه‌ر پیتاندنی ئۆران‌یۆم، كێشه‌ی گه‌وره و ئاڵۆزی نێوان وڵاتانی گرووپی 1+5 و، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و یه‌كیه‌تیی ئورووپایه، ئه‌وان تێده‌كۆشن پێش به درێژه‌دانی ئه‌م كاره‌ی رێژیم بگرن، ئاخرین هه‌وڵی ئه‌م لایه‌نانه ناردنی به‌سته‌ی پێشنیاری بۆ وه‌ستاندنی به‌رنامه و پرۆژه ئه‌تۆمییه‌كانی رێژیمه، پاش تێپه‌ڕینی ماوه‌ی دیاریكراو، رێژیم به بێ گوێ‌دان به داوا و پێشنیاره‌كانیان هه‌روا درێژه به كار و پرۆگرامه‌كانی ده‌دا. نه‌بوونی وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی به‌م پێشنیارانه و مانه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه به‌م جۆره بۆته مایه‌ی نیگه‌رانی و ناره‌زایه‌تیی بیروڕای گشتی و كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وڵاتانی رۆژئاوایی سزایه‌كی توندتر له‌وانه‌ی پێشوو به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنن و ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانی هێزیش به‌دوور نازانرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێرانی رووبه‌ڕووی بوحرانێكی قووڵ كردۆته‌وه كه چاره‌سه‌ریی له ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا نیه. رێژیمی ئێران پاش سێ ده‌یه ده‌سه‌ڵاتداری‌یه‌تی هه‌روا له‌سه‌ر درێژه‌دانی سیاسه‌ته دژی گه‌لی و نادیموكراتیكه‌كانی به‌رده‌وامه، ئێران بۆته زیندانێكی گه‌وره و سه‌رانسه‌ری، ئاسه‌وارێك له دیموكراسی و ئازادی نیه، مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كرێن، سه‌ركوت و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به چالاكوانانی مافی مرۆڤ ، رووناكبیران، هه‌ڵسووڕاوانی بواری مافه‌كانی ژنان و نه‌ته‌وه بن ده‌سته‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێ. په‌ره‌ستاندنی بێكاری، هه‌ژاری، فه‌ساد و مادده سڕكه‌ره‌كان به‌رۆكی خه‌ڵكی ئازادیخواز و به‌ش مه‌ینه‌تی ئێرانیان گرتوه. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ده‌رد و نه‌هامه‌تی و بێ‌به‌شییانه‌دا كه رووبه‌ڕووی گه‌لان و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێران بۆته‌وه، خه‌بات و تێكۆشانی رێكخراوه سیاسی و مه‌ده‌نی و خوێندكارییه‌كان دژی سته‌م و سه‌ره‌ڕۆیی درێژه‌ی هه‌یه. خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی هێمنانه و شارستانییانه له حاڵی شكڵ‌گرتن و په‌ره‌ستاندن‌دایه، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌ویش‌دا قووڵبوونه‌وه‌ی هاوپێوه‌ندی و هاوخه‌باتی و به‌هێز بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ساڵ به ساڵ زیاتر خۆی ده‌نوێنێ. ئه‌مه‌ش گۆڕانێكی گرینگ و هیوابه‌خشه. حیزبی دیموكراتی كوردستان زۆر له‌مێژه تێده‌كۆشێ به لێك گرێدانی خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسی و شێوه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات بۆ به جه‌ماوه‌ری كردنی خه‌بات له كوردستان‌دا كه زۆربه‌ی زۆری چین و توێژه‌كان به‌شدارییه‌كی به‌رین و به‌ربڵاو و لێبڕاوانه‌ی تێدا ده‌كه‌ن، گوڕ‌و تینێكی زۆرتر به‌و تێكۆشانه بدا. رێژیم ترسێكی زۆری له بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و ده‌ربڕینی بێزاری و ناره‌زایه‌تیی خه‌ڵك هه‌یه، هه‌ر بۆیه‌شه هه‌وڵ ده‌دات به توندی سه‌ركوتی بكا و پێش به په‌ره‌ستاندنی بگرێ، شه‌پۆلێكی دیكه له گرتن و ئێعدامی چالاكانی مه‌ده‌نی، داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، مافی ژنان، خوێندكاران، كرێكاران و چین و توێژه‌كانی دیكه ده‌ستی پێ‌كردوه. له‌و هه‌لومه‌رجه ناله‌باره‌ی ئێران‌دا ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه له هه‌ر رێگایه‌ك و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه بۆیان ده‌كرێ ئه‌و كاروكرده‌وانه‌ی كۆماری ئیسلامی مه‌حكووم بكه‌ن و هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ردا بگرن. خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران چاوه‌ڕوانییان له كۆڕ و كۆمه‌ڵ و ناوه‌نده به‌شه‌ر دۆسته‌كان، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ، رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی لێبوردن، په‌رله‌مانی ئورووپا و بیروڕای گشتیی جیهانی هه‌یه پشتیوانی له ماف و داخوازییه‌كانیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌نگاوی جیددی و به‌په‌له بۆ له‌قاودان و پێش‌گرتن به‌و هه‌موو جینایه‌ت و تاوانانه‌ی رێژیم ده‌رهه‌ق به ئازادیخوازان هه‌ڵێننه‌وه و هه‌وڵ‌بده‌ن پێش به به‌ڕێوه‌چوونی حوكمی ئێعدامی چالاكانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووسان و رووناكبیران بگرن. له هه‌ل و مه‌رجی ئێستادا ئێران له ئاستی نێوخۆ و ده‌ره‌وه به‌ره‌وڕووی گوشارێكی زۆر بۆته‌وه، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵاتی ئاخونده‌كان بێزارن، هه‌ر بۆیه سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی رێژیمیان له ته‌واوه‌تیی خۆی‌دا ره‌ت كردۆته‌وه، رێژیم پێگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به ته‌واوی لاواز بووه، خه‌بات بۆ نه‌مانی دیكتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی له‌ئارادایه، له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا، رێژیم به كار‌و كرده‌وه‌كانی و سه‌رپێچی و خۆدزینه‌وه‌ی له داوا و پێشنیاره‌كانی كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆته مایه‌ی نیگه‌رانیی دنیا، بۆیه بێده‌نگی له ئاست سه‌ره‌ڕۆیی‌یه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌بێته هۆی مه‌ترسی و دروست بوونی كێشه گه‌لێك كه خه‌ڵكی ئێران ده‌بێ باجه‌كه‌ی بدات. له‌و قۆناغه ئاسته‌مه‌دا یه‌كگرتوویی و هاوپێوه‌ندیی گه‌لانی ئێران و ته‌واوی چین و توێژه‌كان یه‌كێك له ئه‌ركه به‌په‌له و خێرا‌یه‌كانی ئێستایه، هه‌روه‌ها بوونی به‌رنامه‌یه‌كی دیار و هاوبه‌ش بۆ وه‌ڕێخستن و رێبه‌ری كردنی خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه ئه‌ركی هێزه سه‌رانسه‌ری و نیشتمانی‌یه‌كانی ئێران به گشتی و هێزه ره‌سه‌نه‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لانی زۆرلێكراو، له پێشه‌وه‌ی هه‌مووان هێزه كوردستانی‌یه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، ئه‌ویش به دیاریكردنی پلاتفۆرمێكی هاوكاری بۆ لێك نزیك بوونه‌وه و لێك تێگه‌یشتن بۆ كاروتێكۆشانی به‌كرده‌وه به مه‌به‌ستی رووخانی رێژیم و هێنانه سه‌ركاری رێژیمێكی دیموكراتیك و فیدرالی كه مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و كه‌مایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان له‌به‌ر چاو بگرێ. بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانج و مه‌به‌ستانه، به‌شداری و موشاره‌كه‌تی ته‌واوی هێزه سیاسییه‌كانی نێو بزووتنه‌وه، زه‌رووره‌تێكی ئه‌مڕۆیی‌یه، خۆبواردن و كه‌مته‌رخه‌می له‌م ئه‌ركه‌دا، به‌رپرسایه‌تیی مێژوویی ده‌خاته سه‌ر شانی لایه‌نه‌كان. بۆ رێكخستن و هان دانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك باشترین ده‌ستپێك، یه‌كگرتوویی و یه‌ك هه‌ڵوێستی حیزب و رێكخراوه سیاسییه‌كانی ئه‌وانه كه ده‌بێته هۆی دڵگه‌رمی و پشتیوانی و یه‌كڕیزی و یه‌ك ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان. بوونی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش و دیاریكراو له لایه‌ن حیزب و رێكخراوه سیاسیه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و هاوپێوه‌ندیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان و هه‌ڵسووڕاوانی نێوخۆیی وڵات ده‌بێته هه‌وێنی یه‌كگرتوویی خه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رئه‌نجام پاشه‌كشه و مل راكێشانی كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر ویست و داخوازه ره‌واكانی خه‌ڵك‌دا. حیزبی دیموكراتی كوردستان، بڕوای قووڵ و راسته‌قینه‌ی به هاوكاری و لێك نزیك بوونه‌وه‌ی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان به تایبه‌تی هێزه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه و ئاماده‌یی ته‌واوی بۆ دیدار و دیالۆگ بۆ گه‌یشتن به پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و، تێده‌كۆشێ به‌ستێنی هاوكاری بۆ پێكهێنانی هه‌ر هاوپه‌یمانی یان ئیئتلافێك دوور له هه‌ژموونی و پاوانخوازی بره‌خسێنی كه نه‌بێته هۆی كێشه و ناكۆكیی نێوان هێزه‌كان و له‌و پێناوه‌ش‌دا ئاماده‌یه ده‌ست پێشخه‌ری بكا. هاوكاری و پێوه‌ندیی پته‌وی نێوان هێزه سیاسییه‌كان و پشتیوانیی به‌رینی خه‌ڵك له‌وان زامنی سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مانه. - سڵاو له دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی دیموكراتی كوردستان و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د. - پیرۆز بێ 25ی گه‌لاوێژ 63یه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان.- سڵاو له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان. - سڵاو له زیندانییه سیاسییه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانیان كه بوونه ره‌مزی خۆڕاگری و به‌رخۆدان. - سڵاو له كه‌م ئه‌ندامان و خه‌باتگێڕانی رێگای رزگاری. - بڕووخێ رێژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی. ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان 25ی گه‌لاوێژی 1387ی هه‌تاوی 15ی ئاگۆستی 2008ی زایینی |
|
z ڕێکه‌وتی 2008-8-16-3:00 له‌لایان بۆکان
بۆ چوونه‌کان(0) -
?