شەڕێك كە نە تەقەتفەنگى دی و نە هەست بە بۆنى بارووتى دەكرێ ... دیاری نه‌کراو
شەڕێك كە نە تەقەتفەنگى دی و نە هەست بە بۆنى بارووتى دەكرێ
2008 07 21 - 08:33

avatar
عەلى بداغى
كێشەى ئیعتیادو گیرۆدەبوون بە ماددەهۆشبەرەكان یەكێك لە سەرەكیترین كێشە كۆمەڵایەتىیەكانى ئێستاى كوردستانەو پەرەگرتنو بڵاو بوونەوەى ئەو دیاردەیە تا ئاستێكى زۆر مەترسیدارى تێكچوونى ئەمینیەتى كۆمەڵایەتى و نەتەوەیى كورد لە رۆژهەڵاتى كوردستان چۆتە پێش. مەترسیى پەرەسەندنى ئەو قەیرانە كۆمەڵایەتىیە ئەوكاتە پتر دەردەكەوێ كە دەبینین ژمارەى توشبووان تادێ زۆرترو تەمەنى گیرودە بوونیش هەروا بەرەوخوارو نزمتردەبێ، تەنانەت لە قوتابخانە سەرەتایى یەكانیشدا دەتوانین شوێن پێى ماددەهۆشبەرەكان بە ئاسانى ببینینەوە.

لاوان، ژنان و مێرمنداڵان قوربانیى سەرەكیى ئەم بەڵام ماڵوێرانكەرەن و خەسارو زیان و دوادەرنجامەكانى پەرەگرتنى دیاردەى ئیعتیاد چرا سوورەكانى لە بەریەك هەڵتەكانى كۆمەڵگاى تاسەر ئێسقان كپ كراوو دواكەوتوو راگیراوى كورستانە. ئەگەرچى دیاردەى ئیعتیاد و بڵاو بوونەوەى ماددە هۆشبەرەكان یەكێك لە سەرەكیترین خەسارە كۆمەڵایەتى یەكانى ئێران و پرسى گرینگى كۆمەڵگاى نێو نەتەوەیشە، بەڵام ئەو دیاردەیە لە رۆژهەڵاتى كوردستان خاوەن گەڵى تایبەتمەندیى تایبەتە:

یەكەم ئەوەى كە دیاردەى ئیعتیاد لە كوردستان تەمەنێكى زۆر كۆنو دوورى نیە. 30 سال لە وەپێش ژمارەى هەموو موعتادەكانى كوردستان بەقامكى دەست دەژمێردران، بەڵام لە ماوەى دەسەڵاتدارەیتى رێژیمى كۆمارى ئیسلامیى بە سەر كوردستان و ئێراندا ئەو دیاردەیە تان و پۆى ژیانى كۆمەڵایەتیى خەڵكى كوردى دا گرتوە و ئیعتیاد لە شارو گوندو لە نێو پیرو لاو و ژنو مندال و لە ئاستێكى زۆر بەر فراوانو پانتایى یەكى بەر بڵاودا بەئاسانى بەدى دەكرێ.

دووهەم: ئەوەى بوارەكانى رێخۆشكەر بۆ تێوەگلان و راكێشانى خەڵك بۆ نێوداوى ئیعتیاد لە هیچ شوێنێكى ئێران و جیهان بەقەت كوردستان لە بارو ئامادە نیە، هەژارىو نەدارى بینەقاقاى خەڵكى كوردستانى گرتوە، بێكارى وبێ دەرەتانى و بێ هیوایى بە ژیان، پانتایىیەكى زۆر بەر بڵاوى لە حەشیمەتى كورد داگیركردوە، هەڵاواردن، جیاوازیدانان، سەركوتى بیرو ئازادىیە تاكەكەسىیەكانو دەیان گرفتى ئابوورى، سیاسىو كۆمەڵایەتى دیكە ژیانیان بە خەڵكى كوردستان تال كردوەو لە پەنا هەموو ئەوانەش دا ماددە هۆشبەرەكان ئاسانو هەرزانو لە هەموو شوێنێكو جێیەكى ئەم كوردستانە لە جۆرو شێوەى جۆراوجۆرى دڵخوازدا دەست دەكەون. سێهەم ئەوەى كە ماددە هۆشبەرەكان لە كوردستان دا بە شێوەیەكى سیتیماتیك و بەپێى پلان و پرۆژە بڵاو دەكرێتەوەو پەرەپێدانى ئەم دیاردەیە ئیرادەى سیاسیى رێژیمى كۆمارى ئیسلامى لەپیشتە.رێریمى كۆمارىئیسلامى ئیعتیادو ماددەهۆشبەرەكان وەك چەكێكى كاریگەر لە دژى میللەتى كورد و نیشتمانپەروەران و بژاڤى نەتەوەیى میللەتى كورد بە كار دێنێ.

رێژیمى داگیر كەرى كۆمارى ئیسلامى باش دەزانى كە ئیعتیاد عیززەتى نەفس، باوەربە خۆبوون، ئازایەتى و بوێرى لە تاكى موعتاد دا دەكوژێ، رێژیم باش دەزانى هیچ كام لە بایەخ و بەها مرۆیى یەكانى وەك نیشتمانپەروەرى، خۆشەویستى، مرۆڤدۆستى و " تعلق"تاكەكەسىیەكان لە لاى تاكى توشبوو مانایەكیان نامێنىَ ، رێژیم چاك دەزانآ كەتاكى موعتاد تواناى بەرەنگارى، هێزى بەر خودان، ئینتماى سیاسى، ئەنگیزەى پرسیار كردنو بە دواى وەڵامدا گەڕان و سەر بزیۆى تێدا نامێنێ، ئەو دەزانێ كە هەموو" دغدغە" و كەڵكەڵەو بیر كردنەوەى كەسێكى موعتاد تەنیاو تەنیاوە دەست هێنانى مەواد بۆ كێشان و بەكار هێنانى بەردەوامیەتى و ئیدى تاكى موعتاد دەرفەتى بۆ بیركردنەوە لە ژیان، هەڵبژاردنى بیرو ئینتماى سیاسى و ئازادیخوازى و هەڵوسیت گرتنى لە بەرامبەر هەست پێكردن بە زوڵمو سەركوتو بێعەداڵەتى نامێنى، هەر بۆیەش بە ئاشكراو بەرۆژى روونو لە رێگەى بەكرێگراوانو ئاسانكارى كردن بۆ بازرگانانى ماددەهۆشبەرەكان بوار بۆ تێوەگلاندنو كوشتنى بێدەنگى هەرچى زیاترى لاوانو كۆمەڵانى دیكەى خەڵكى كوردستان خۆش دەكا.

ئەمرۆ رێژیمى كۆمارى ئیسلامى لە كوردستاندا بەرەیەكى دیكەى شەڕى لەدژى نەتەوەى كورد كردۆتەوە، شەڕێك كە ئەگەرچى تەقەى تفەنگى نابیسترێ و بۆنى بارووتى هەست پآ ناكرێ، بەڵام خەزانى مەرگى خستۆتە نێو لاوانى كورد و مەخابن ژمارەى زۆرو هەردەم روولە زیاترى قوربانیانى ئەم مەرگەساتە جێى نیگەرانىووەخۆهاتنەوەیەكى جیددبن. سروشتىیە لە كاتێك دا دوژمنى قەستە سەرى میللەتەكەمان، واتە كۆمارى ئیسلامى داوى مەرگى بۆ لاوان و كوڕان و كیژانى كورد ناوەتەوە، نائاگایى رۆڵەكانى ئەم میللەتە لە پیلانەكانى بە كرێگیراوانى رێژیمو ئاكامەكانى تێوەگلان لە زەلكاوى ئیعتیاد زیاتر بوار بۆ سەركەوتنى رێژیم لەو دوژمنایەتى و قڕكردنەى نەتەوەكەمان خۆش دەكا.

خەبات دژى مادەهۆشبەرەكان، خەبات بۆ نەهێشتنى ئیعتیاد ئەركێكى نیشتمانىو نەتەوەیى و لە سەر شانى هەموو تاكێكى وشیارى كوردە، بەڵام ئەركى حیزبە سیاسىیەكانى كوردستان لە مبارەوە قورسترە. ئەوەى تا ئێستا بەدى دەكرێ ئەوەیەكە حیزبە كوردستانىیەكان ئەو كێشەیەیان وەك مەترسى یەك بەرەورووى خۆیانو ئەمنییەتى كۆمەڵایەتى كۆمەڵگا نەبینیوە و تەنانەت لە تەنیشت مەترسى یە جیددییەكانى ئیعتیاد لە سەر بیرى نەتەوەیى بەئاسانى تێپەڕیون. حیزبە سیایىیەكان دەبىَ هەڵویستو روانگەى خۆیان سەبارەت بەو قەیرانە كۆمەڵایەتىیە بگۆڕن، بەجێى ئەوەى تەنیا لە دیارەدەى ئیعتیاد وەك ئامرازێكى تەبلیغى و پروپاگەندەیى دژى كۆمارى ئیسلامى كەڵك وەرگرن، ئەوكێشەیە بەمەترسیى لە سەر خۆیانو نەتەوەى كوردى ببیننوسیاسەتى رادیكال و پلانى ئامانجخوازوستراتیژى روونیانى لە هەمبەر ئەو شەڕە دا سەپاوە بەسەر نەتەوە كورد دا هەبێ.

z ڕێکه‌وتی 2008-7-21-12:53 له‌لایان بۆکان بۆ چوونه‌کان(0) - ?   
بۆ چوونه‌کان ?