ئیسرائیل ئێرانی خاوه‌ن چه‌كی ناوكی ته‌حه‌مول ناكا ... دیاری نه‌کراو
| ئیسرائیل ئێرانی خاوه‌ن چه‌كی ناوكی ته‌حه‌مول ناكا | |||
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له وتووێژ له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "واشینگتۆن پۆست" رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی ئێرانی خاوه‌ن چه‌كی ناوكی پێ ته‌حه‌مول ناكرێ‌و هیواداره كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له به‌رانبه‌ر به‌رزه‌فڕییه‌كانی ئێران دا هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو بنوێنێ.كوردستان‌و كورد: ئه‌هوود ئوڵمێرت له وتووێژێكی خۆی له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی واشینگتۆن پۆست رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی ئێرانی پۆشته‌و په‌رداخ به چه‌كی ناوكی كه به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی نه‌هێشتنی ئیسرائیل له سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌كا، پێ ته‌حه‌مول ناكرێ‌و هیواشی خواست هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی ئورووپایی‌و ئه‌مریكا‌و رووسیه سه‌باره‌ت به خاترجه‌م بوون له ئاشتیخوازانه بوونی به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران به ئاكام بگا. ئیسرائیل‌و وڵاتانی رۆژئاوایی ، ئێران به هه‌وڵ دان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی چه‌كی ناوكی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن‌و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سێ بڕیارنامه‌ی سه‌باره‌ت به راگرتنی پیتاندنی ئۆران‌یۆم ده‌ركردوه كه هه‌ر سێكیان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی‌یه‌وه بێ وڵام ماونه‌ته‌وه‌و جێبه‌جێ نه‌كراون هاوكات ئێران له سه‌ر ئاشتیخوازانه‌بوونی به‌رنامه‌ی ناوكی خۆی جه‌خت ده‌كاته‌وه. زانیارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵگری ئه‌مریكا له راپۆرتێكدا ساڵی رابردوو رایگه‌یاند چالاكییه‌كانی خۆی له پێناو به ده‌ست هێنانی چه‌كی ناوكی راگرتووه، ئاماژه به به‌رده‌وام بوونی چالاكییه‌كانی ئه‌و وڵاته بۆ به‌ده‌ست هێنانی چه‌كی ناوكی ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت وه‌زیرێكی ئیسرائیلی پێشتر رایگه‌یاندبوو ئێران تا 2008 ده‌بێته خاوه‌ن ته‌كنۆلۆژیای بۆمبی ناوكی. پێویسته بگوترێ به هاتنه سه‌ركاری ئه‌حمه‌دی نژاد هه‌ڵسو‌وكه‌وتی ئێران سه‌بارت به ئیسرائیل تووندتر بووه‌و حه‌وتووی رابردوو هاوكات له گه‌ڵ ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، ئه‌حمه‌دی نژاد وتی: هێندێك وا بیركردنه‌وه كه به گرتنی رێوڕه‌سمی جه‌ژنی له دایك بوون "كه‌لاكی بۆ گه‌نیوو" یان پێ ده‌ژێته‌وه. له وڵام دا ئۆڵمێرت ، هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به مۆته‌كه‌ی سه‌ر جیهان ده‌زانێ‌و وه‌ك هیتله‌ری هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ‌و ده‌ڵێ: هه‌لومه‌رجه‌كه زۆر له سه‌رده‌می هیتله‌ر ئاڵۆزتره چونكی هیتله‌ر خاوه‌ن چه‌كی ناوكی نه‌بوو. |